ڕێنووسی کوردی
به‌شی سێیه‌م کێشه جۆربه‌جۆره‌کان:
كێشه‌ی پێشگره‌كانی (هه‌ڵ، دا، ڕا، وه‌ر، ده‌ر)
ئه‌م پێشگرانه كاتێ ده‌چنه سه‌ر چاوگ یان فرمان یان هه‌ر شێوازێكی تر، پێیانه‌وه ده‌لكێن به‌مه‌رجێ جێناوی لكاو نه‌كه‌وتبێته نێوان پێشگر و وشه‌كه‌ی دوای خۆی. وه‌ك:
چاوگ:هه‌ڵ: هه‌ڵكردن، هه‌ڵگرتن، هه‌ڵكورمان، هه‌ڵكێشان، هه‌ڵبڕین، هه‌ڵخستن.
دا: دابڕان، داخستن، داڕمان، داگرتن، داكردن، دابه‌زین، داخورپان.
ڕا: ڕ‌اگرتن، ڕ‌اكێشان، ڕاپه‌ڕین، ڕاخستن، ڕاگوێزان، ڕاگواستن.
وه‌ر: وه‌رگرتن، وه‌رسووڕان، وه‌رگه‌ڕان.
ده‌ر: ده‌ركردن، ده‌رهێنان، ده‌ربڕین، ده‌رخستن، ده‌رپه‌ڕاندن.
فرمان:
هه‌ڵ: هه‌ڵگره، هه‌ڵخه، هه‌ڵمه‌خه، هه‌ڵكشێ.
دا: دانێ، دامه‌بڕه، دابه‌زێنه. داگره.
ڕا: ڕاكێشه، ڕاپه‌ڕێنه، ڕامه‌په‌ڕێنه. ڕاگره.
وه‌ر: وه‌رگره، وه‌رسووڕێنه، وه‌رگه‌ڕێ، وه‌رچه‌رخێ.
ده‌ر: ده‌ربێنه، ده‌رخه، ده‌ركه، ده‌رچۆ.
دۆخی تر:
هه‌ڵكشاو، هه‌ڵخراو، هه‌ڵنه‌كشاو، هه‌ڵخزێنراو. دانراو، داسه‌پاو، دابڕاو. ڕاپه‌ڕێنراو، ڕاپه‌ڕیو، ڕ‌اگوێزراو، ڕ‌اكشاو. وه‌رگیراو، وه‌رگرتوو، وه‌رگرته، وه‌رسووڕاو، وه‌رگێڕاو. ده‌رهێنراو، ده‌رخراو، ده‌ركراو، ده‌رچوو.
پێشگر و جێناوی لكاو
ئه‌گه‌ر جێناوی لكاو (...م، ...ت، ...ی، ...مان، ...تان، ...یان) كه‌وته نێوان پێشگر و فرمانه‌كه‌ی دوای خۆی ئه‌وا به‌جیا ده‌نووسرێن و جێناوه‌كه به پێشگره‌وه ده‌لكێنرێ:
هه‌ڵ: هه‌ڵم گرن، هه‌ڵت گرن، هه‌ڵیان كێشن، هه‌ڵمان مه‌واسن، هه‌ڵتان بڕن.
دا: دامان نه‌نایه، دایان خه‌ن، دای بڕه.
ڕا: ڕایان ده‌گرن، ڕام كێشه، ڕاتان په‌ڕێنن، ڕاشیان په‌ڕێنن.
وه‌ر: وه‌رمان گرتایه، وه‌ری نه‌گری، وه‌ریان سووڕێنه، وه‌رمان گه‌ڕێنه.
ده‌ر: ده‌ریان په‌ڕاندین، ده‌ری خه.
گیروگرفتی فرمانی لێكدراو (فعل مركب compound verb)
فرمانی لێكدراو به‌و فرمانانه ده‌وترێن كه له دوو یان چه‌ند وشه پێك هاتوون. وه‌ک: (ڕێك + كه‌وتن = ڕێككه‌وتن)، (پێك + هێنان = پێكهێنان).
ئه‌م فرمانانه ئه‌گه‌ر له دۆخی چاوگدا بن پێكه‌وه ده‌نووسرێن، وه‌ك: ڕێكخستن، شه‌ڕكردن، كۆڵنه‌دان، خه‌باتكردن، تاڵانكردن، تێكدان، سه‌ربڕین.
ئه‌گه‌ر له دۆخه جۆربه‌جۆره‌كانی فرمان (ئێسته، ڕابردووی ساده، ڕابردووی گێڕاوه‌یی، ڕابردووی دوور) به‌كار ببرێن به‌جیا ده‌نووسرێن:
ئێسته: ڕێك ده‌خه‌م ـ ڕێك ده‌خه‌ی ـ ڕێك ده‌خات ـ ڕێك ده‌خه‌ین ـ ڕێك ده‌خه‌ن ـ ڕێك ده‌خه‌ن.
ڕابردووی ساده: ڕێكم خست، ڕێكت خست ـ ڕێكی خست ـ ڕێكمان خست ـ ڕێكتان خست ـ ڕێكیان خست.
ڕابردووی گێڕاوه‌یی: ڕێكم خستووه ـ ڕێكت خستووه ـ ڕێكی خستووه ـ ڕێكمان خستووه ـ ڕێكتان خستووه ـ ڕێكیان خستووه.
ڕابردووی دوور: ڕێكم خستبوو ـ ڕێكت خستبوو ـ ڕێكی خستبوو ـ ڕێكمان خستبوو ـ ڕێكتان خستبوو ـ ڕێكیان خستبوو.
ئه‌گه‌ر له دۆخه‌كانی تردا بن هه‌روه‌كوو دۆخی چاوگ پێكه‌وه ده‌نووسرێن: پێكهاتن، پێكهاتوو، پێكهاته، پێكهێنراو. سه‌ركه‌وتن، سه‌ركه‌وتوو.
نموونه‌ی تری گه‌ردان (تصریف)ی فرمان (فعل):
فرمان (فعل) له دۆخی چاوگ (مصدر)دا پێكه‌وه ده‌نووسرێت: ڕوونكردنه‌وه. به‌ڵام له دۆخه‌كانی تردا جیا ده‌كرێنه‌وه:
تاك، دۆخی ئێسته: ڕوونی ده‌كه‌مه‌وه، ڕوونی ده‌كه‌یته‌وه، ڕوونی ده‌كاته‌وه.
كۆ، دۆخی ئێسته: ڕوونی ده‌كه‌ینه‌وه، ڕوونی ده‌كه‌نه‌وه، ڕوونی ده‌كه‌نه‌وه.
تاك، ڕابردووی ساده: ڕوونم كرده‌وه، ڕوونت كرده‌وه، ڕوونی كرده‌وه.
كۆ، ڕابردووی ساده: ڕوونمان كرده‌وه، ڕوونتان كرده‌وه، ڕوونیان كرده‌وه.
تاك، ڕابردووی گێڕاوه‌یی (نقلی): ڕوونم كردبووه‌وه، ڕوونت كردبووه‌وه، ڕوونی كردبووه‌وه.
كۆ، ڕابردووی گێڕاوه‌یی: ڕوونمان كردبووه‌وه، ڕوونتان كردبووه‌وه، ڕوونیان كردبووه‌وه.
تاك، ڕابردووی دوور: ڕوونم كردبوو، ڕوونت كردبوو، ڕوونی كردبوو.
كۆ، ڕابردووی دوور: ڕوونمان كردبوو، ڕوونتان كردبوو، ڕوونیان كردبوو.
كێشه‌ی (و)ی پێوه‌ندی (به‌یه‌كه‌وه‌به‌ستن)
پیتی (و and) وشه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه و ده‌بێ سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵدا بكرێ و نه‌ڵكێندرێ به وشه‌كانی پێش و پاشی خۆی.
بۆ نموونه ده‌بێ بنووسرێ:
(من و تۆ) نه‌ك (من‌و تۆ) یان نه‌ك (من‌و تۆ).
(سه‌ر و ماڵ) نه‌ك (سه‌رو ماڵ) یان نه‌ك (سه‌روو ماڵ).
(هیوا و ئاوات) نه‌ك (هیواو ئاوات).
سه‌رنج: نموونه‌كانی سه‌ره‌وه هه‌ر كامه‌یان سێ وشه‌ی جیاوازن و پێكه‌وه مانایه‌كی نوێ پێك ناهێنن و هه‌ر به‌ته‌نیا مانای خۆیان پاراستووه و جیاوازییان هه‌یه له‌گه‌ڵ وشه‌ی لێكدراو كه له خواره‌وه باسیان ده‌كرێ.
وشه‌ی لێكدراو (مركب)
هه‌ندێ جار دوو یان چه‌ند وشه، كه هه‌ر كامه‌یان بۆ خۆی واتایه‌كی هه‌یه، پێكه‌وه كۆ ده‌بنه‌وه و سه‌رجه‌م واتایه‌كی نوێتر پێك ده‌هێنن، به‌م متوربه‌بوونه ده‌ڵێن (وشه‌ی لێكدراو). وشه‌ی لێكدراو ده‌بێ بلكێن به یه‌كه‌وه و نابێ به‌جیا بنووسرێن و، به چه‌ند شێوه پێك دێن:
١. بێ هیچ یارمه‌تییه‌ك:
جاری وایه "وشه‌ی لێكدراو"، بێ هیچ یارمه‌تییه‌ك دروست ده‌بێت و ته‌نیا وشه‌كان پێكه‌وه ده‌لكێن:
ڕه‌ش + ماڵ = ڕه‌ش ماڵ، كه پێكه‌وه واتایه‌كی تر پێك ده‌هێنن و ئه‌و كاته ده‌بێ پێكه‌وه بنووسرێن: ڕه‌شماڵ.
خوێندن + گه = خوێندنگه.
زانست + په‌روه‌ر = زانستپه‌روه‌ر.
پاش + بنه‌ما = پاشبنه‌ما.
كتێب + خانه = كتێبخانه.
مه‌له + گه = مه‌له‌گه.
٢. به یارمه‌تیی پیتی (و):
جاری وایه "وشه‌ی لێكدراو"، به یارمه‌تیی پیتی (و) پێكه‌وه ده‌لكێن:
ئاڵ + و + گۆڕ = ئاڵوگۆڕ.
مشت + و + مڕ = مشت‌ومڕ.
ئه‌لف + و + بێ = ئه‌لفوبێ.
ده‌نگ + و + باس = ده‌نگوباس.
٣. به یارمه‌تیی پیتی (ه):
جاری وایه "وشه‌ی لێكدراو"، به یارمه‌تیی پیته‌بزوێنی (ه) پێكه‌وه ده‌لكێن:
به‌رد + ه + قاره‌مان = به‌رده‌قاره‌مان.
گوڵ + ه + گه‌نم = گوڵه‌گه‌نم.
به‌رز + ه + فڕ = به‌رزه‌فڕ.
ئاگر + ه + دیوار = ئاگره‌دیوار.
نموونه‌ی تری وشه‌ی لێكدراو:
خۆترنجێنه‌ر، خۆكوژ، به‌ردباران، كاروبار، ئه‌لفوبێ، هاتوچۆ، زانستپه‌روه‌ر، زانستخواز، ئازادیخواز، وڵاتپارێز، سێشه‌ممه، ڕاسته‌وخۆ، نیشتمانپه‌روه‌ر، گوڵه‌گه‌نم، ڕێنووس، باوكمردوو، یه‌كگرتوو، ئاڵوگۆڕ، ڕۆژنامه‌نووس، هه‌واڵنێر، په‌یامنێر، به‌رزه‌فڕ، جه‌رگبڕ، مناڵپارێز، چه‌مچه‌ماڵ، بێكه‌س، جێبه‌جێ، ده‌ستبه‌جێ، كانیكه‌وه، هه‌ڵگورد، تاقبۆستان (تاقۆسان)، ملهوڕ، ته‌خته‌كلیل، پاشبنه‌ما، بنكه‌دراوه (databa)، به‌ستهێڵ (dash)، ڕوومێز (desktop)، زانیارینامه (encyclopedia)، ئاگره‌دیوار.
پیتی (ت) له كۆتاییی فرماندا
پیتی (ت) له كۆتاییی فرماندا هه‌م ده‌توانرێ بنووسرێ و هه‌میش ده‌توانرێ نه‌نووسرێت، وه‌كوو:
(دێ و ده‌ڕوا) یان (دێت و ده‌ڕوات).
(نان ده‌كا) یان (نان ده‌كات).
وشه‌ی بیانی
هه‌ر وشه‌یه‌كی بیانی هاتبێته ناو كوردییه‌وه ده‌بێ به ڕێنووسی كوردی بنووسرێت یان ئه‌گه‌ر پێویست بوو وه‌كوو خۆی بنووسرێته‌وه ده‌بێ بخرێته ناو دوو كه‌وانه‌وه.
· ئه‌ڵڵا، قه‌ڵه‌م، ئه‌كبه‌ر.
· له زمانی كوردیدا به (مذهب) ده‌ڵێن "ڕێباز".
ئامرازی (تر) و وشه‌ی (تر)
ئامرازی به‌راوردكردن (تر، ترین)
ده‌بێ بلكێن به وشه‌كانی پێشیانه‌وه، وه‌كوو:
جوان، جوانتر، جوانترین
گه‌رم، گه‌رمتر، گه‌رمترین.
وشه‌ی (تر) به واتای (دی، دیكه)
وشه‌ی (تر) وشه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه و ده‌بێ به‌جیا بنووسرێت:
كابرایه‌كی تر، شه‌وێكی تر، نووسه‌رێكی تر.
پاشگره‌كانی (دا، ڕا، وه، ه‌وه)
ده‌بێ بلكێن به وشه‌كانی پێشیانه‌وه، وه‌كوو:
دا: له ماڵدا چاوم پێ كه‌وت.
ڕا: له كوێڕا هاتی؟
وه: له كوێوه بۆ كوێ؟
وه: له هه‌وه‌ڵه‌وه بیگێڕه‌وه.
فرمانی (دا)
وشه‌ی (دا) كه ڕابردووی (دان، دایین)ه جیاوازیی هه‌یه له‌گه‌ڵ پاشگری (دا) و، ده‌بێ به‌جیا بنووسرێت:
له ماڵدا نامه‌كه‌م پێ دا. (نه‌ك پێدا).
له كوردستاندا لاوان گوێیان له دوژمن نه‌دا. (نه‌ك دوژمننه‌دا، نه‌ك دوژمن نه دا).
به‌ڵێنم دا سبه‌ی بیبینم. (نه‌ك به‌ڵێمندا).
ئاخری وه‌ڵامی دایه‌وه. (نه‌ك وه‌ڵامیدایه‌وه).
كێشه‌ی (له)
(له)، هه‌ندێ جار سه‌ربه‌خۆ ده‌نووسرێت: "شۆڕش له كوردستاندا گه‌رمه."
هه‌ندێ جار ده‌لكێ به وشه‌كه‌ی پاشیه‌وه و وشه‌یه‌كی لێكدراو پێك دێنێ: (له‌گه‌ڵ with)، (له‌سه‌ر on)، (له‌ژێر under). له‌و دۆخانه‌دا نابێ به دوو وشه جیا كرێنه‌وه و بنووسرێ: (له گه‌ڵ، له سه‌ر، له ژێر).
(له)، هه‌ندێ جار له‌گه‌ڵ (ئه‌وێ) و (ئێره) كۆ ده‌بێته‌وه و ئه‌و كاته، (ـه) و (ئـ) ده‌قرتێنرێن:
له ئه‌وێ = له‌وێ.
له ئێره = لێره.